پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان سەردانی دادگای دەستووریيان کرد

دوای ئەوەی جارێكی دیكە داواكاریی پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیكەی ئیمرالی ڕەتكرایەوە، پارێزەرانی نووسینگەكە سەردانی دادگای دەستووری هەمیشەیی-یان کرد.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هیچ زانیارییەك لەبارەی ڕێبەر ئۆجالانەوە نازانرێت، لەو ماوەیەشدا پارێزەرانی هەفتەی دوو جار داوای دیدار پێشكەش دەكەن، بەڵام داواكارییەكانیان بێ وەڵام دەهێڵرێتەوە، هەندێك جار دوای چەند مانگ بە پارێزەران ڕادەگەیەنرێت، كە سزای دیسپلین سەپێنراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا و دوای ئەوەی ڕۆژی ٦ی شوباتی ئەمساڵ، بومەلەرزە چەند پارێزگایەكی باكووری كوردستان و توركیای هەژاند، نووسینگەی یاسایی سەدە، بۆ ئەوەی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیكەی زیندانی ئیمرالی بتوانن لەگەڵ كەسوكارەكانیان، كە بەشێكیان لەو ناوچانەن وا بوومەلەرزە لێیداون، دیدار ئەنجام بدەن، هەروەها پارێزەرەكانیان بتوانن لەگەڵیان كۆببنەوە، داواكارییان پێشكەش بە داواكاری گشتیی بورسا و بەرێوەبەرایەتی زیندانی ئیمرالی كردبوو، بەڵام ڕۆژی ٢٢ی شوبات ئەو داواكارییە ڕەتكرایەوە.

دوای ڕەتكردنەوەی داواكارییەكە، پارێزەران ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، سەردانی دادگای دەستووریی هەمیشەیی توركیا كرد و داواكارییان پێشكەش كرد.

لە داواكارییەكەدا ئاماژە بە یاسا بەكارەكان كراوە، كە تێیدا مافی دیدار و چاوپێكەوتنی زیندانیان و سزادراوان پارێزراوە و ئەشكەنجە و خراپ مامەڵەكردن قەدەغەكراوە، هەروەها لە حاڵەتی كارەساتی سروشتیدا زیندانییان مافی پەیوەندیكردن و چاوپێكەوتن بە كەسوكارەكانیان هەیە.

پارێزەران هەروەها لە داواكارییەكەیاندا، سەرنجیان بۆ ئەو گۆشەگیرییە ڕاكێشاوە، كە ماوەی ٢٤ ساڵە لەسەر ڕیِبەر ئۆجالان بەردەوامە و داوایانكردووە مافی كۆبوونەوە و دیداری موەكیلەكانیان لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەكانیان بە شێوەیەكی سەرەكی و بنەڕەتی لەبەرچاو بگیرێت.

ڕ.ڕ

Comments are closed.